ده‌وڵه‌تی حه‌مه ره‌زا به میرات وه‌رگرتن له ره‌زا شای پاوکی و به لاسای کردنه‌وه و ده‌رس فێربوون له ئه‌زموونه‌کانی که‌ماڵ مسته‌فا(ئه‌تا تورک)، هه‌موو ریگایه‌کی تاقی ده‌کرده‌وه بۆ تواندنه‌وه و له‌به‌ین بردنی نه‌ته‌وه ژێر ده‌سته‌کان ئه‌و وڵاته به تایبه‌تی میلله‌تی کورد. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که له ساڵه‌کانی 50ی هه‌تاوی هیچ گروپێکی چه‌کدار له رۆژهه‌ڵاتی کورد‌ستان بوونی نه‌بوو که‌چی رژیمی په‌هله‌وی زیاتر له هه‌موو شوێنێکی‌تری ئێران داموده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌کانی خۆی له کورد‌ستان مۆڵ دابوو و به‌رزترین بینای شاره‌کان له مۆڵگه سه‌ربازیه‌کاندا ساز کرابوون. به‌ڵام بوونی ئه‌م هه‌موو ده‌زگا تۆقێنه‌ر و سه‌رکوتگه‌رانه نه‌یانتوانی ناره‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ر له کورد‌ستان دابه‌مرکێنێ و هه‌تا ده‌هات بڵێسه‌ی ئاگری شۆڕش به تین و به هێز‌تر ده‌بوو. مانگرتن له خواردنی 24 رۆژه‌ی زیندانیانی سیاسی له گرتووخانه‌ی شاری سنه له هاوینی 57ی هه‌تاوی به رێبه‌رایه‌تی کاک فوادی رێبه‌ر و خۆپیشاندانی خه‌ڵکی شاری سنه بۆ پشتیوانی کردن له مانگرتنه‌که‌ی کاک فواد و هاورێکانی، کاریگه‌رییه‌کی زۆری هه‌بوو له سه‌ر ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ری کورد‌ستان به گشتی و لاوان به‌تایبه‌تی بۆ به‌رخۆدان دژی سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ی ئه‌و رژیمه دیکتاتۆره. به‌شێک له داخوازی گه‌لی راپه‌ریوی ئێران بۆ ئازاد کردنی زیندانیانی سیاسی بوو که رژیم گرتوخانه‌کانی پڕ کرده‌بوو له تێکۆشه‌رانی سیاسی. به هۆی شه‌پۆلی به‌رینی ناره‌زایه‌تی که هه‌ر ده‌هاتو به هیزتر ده‌بوو، ده‌وڵه‌تی سته‌مکاری ناچار کرد که زۆربه‌ی زیندانیه سیاسیه‌کان ئازاد بکات. به ئازاد بوونی ئه‌و هه‌زاران شۆرشگێر و زانایانه، ئیراده بۆ کۆڵ نه‌دان تا سه‌رکه‌وتن به هێز‌تر بوو و ناره‌زایه‌تییه‌کانی به‌رفه‌راوان و ده‌رووشمه‌کان دژی که‌سی یه‌که‌می ده‌سه‌لاتی ئێران توونتر ده‌بوو. به ئازاد بوونی تێکۆشه‌رانێکی زۆر له کورد‌ستان که به‌شێکیان له رێبه‌رانی کۆمه‌ڵه بوون و یان دواتر بوون به کادری ئه‌و حیزبه وه‌ک کاک فواد، یوسف ئه‌رده‌ڵان، شه‌عیب زه‌کریایی، عوسمان ره‌وشه‌نتوده، حه‌مه‌ی شافێعی و هتد، وره‌ی شۆڕشگێرانه‌ی جه‌ماوه‌ر به‌رزتر بوویه‌وه و ناره‌زایه‌تیه‌کانی گه‌ل زیاتر په‌ره‌یان ده‌سه‌ند.
کاتێک رژیمی پاشایه‌تی به سه‌رۆکایه‌تی ئه‌زهاری( ژنڕاڵێکی ئه‌رته‌ش بوو که پۆستی سه‌رۆک وه‌زیرانی پێ سپیردرا بوو) ئێعلامی حکومه‌تی نیزامی کرد بۆ تۆقاندن و پێش گرتن له شه‌پۆلی ناره‌زایه‌تی گه‌لانی ئێران، مانگرتن له خواردنی( کاک فواد یه‌کێک له‌و که‌سانه بوو) خه‌ڵکی مه‌ریوان له دادگوسته‌ری ئه‌و شاره بۆ ئازاد کردنی چوار که‌س له جوتیارانی ئاوایی"بێلو" که له زیندانی ساواکدا به‌ندکرا بوون، یه‌که‌م ناره‌زایه‌تی خه‌ڵکی بوو له سه‌رتاسه‌ری ئه‌و وڵاته بۆ شکاندنی حکومه‌ته نیزامیه‌که‌ی ئه‌زهاری که زۆری نه‌خایه‌ند خۆپیشاندان و رێپێوان دیسانه‌وه هه‌موو شار و شارۆچکه‌کانی ئێرانی گرته‌وه. شاره‌کانی کورد‌ستان بێپسانه‌وه مه‌یدانی ناره‌زایه‌تی و رێپێوانی هه‌موو چین‌وتوێژێکی خه‌ڵک بوو بۆ روخاندنی رژیمی محه‌ممه‌د ره‌زا شا.
به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه که کێ و له کوێیه‌وه ئه‌م بزووتنه‌وه میلیۆنییه رێکده‌خرا و یان رێبه‌رایه‌تی ده‌کرا؟ له کورد‌ستان به پێچه‌وانه‌ی به‌شه‌کانی‌تری ئێران رێبه‌رانی ئایینی و میانه‌ڕه‌وه‌کان که دواتر بوون به دامه‌زرێنه‌ری کۆماری ئیسلامی هیچ کاریگه‌رییه‌کیان به سه‌ر ناره‌زایه‌تیه‌کانی کوردان‌دا نه‌بوو. له ئێران به زۆری سێ ره‌وت کاریگه‌ری زۆریان به سه‌ر دروشمی رێپێوانه‌کاندا هه‌بوو. به ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌م رێبه‌ره ئایینیه‌کان، دووهه‌م میانه‌ڕه‌وه‌کان وه‌ک جپهه‌ی میللی و نه‌هزه‌ت ئازادی و سێ‌یه‌م هێزه چه‌په‌کان. به‌ڵام له کورد‌ستان لایه‌نگرانی بزاڤی رزگاریخوازی کورد و رێکخراوه چه‌په‌کانی ئێرانی و کوردستانی رۆڵێکی زۆر به‌رچاویان هه‌بوو. کاک فوادی رێبه‌ر، فیداکار، پاک، ژێری، مامۆستای بیری تازه، پراکماتیسمی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری، و ... کاریگه‌ری زۆری هه‌بوو به سه‌ر ئاسۆی راپه‌رین له کورد‌ستان.
گێرانه‌وه‌ی نمونه‌یه‌ک له‌وانه‌یه یارمه‌تیمان بدات که بزانین کورد‌ستان له‌گه‌ڵ شوینه‌کانی دیکه‌جیاوازی زۆری هه‌بوو. مانگێک پێش له‌وه‌ی رژیمی شا بروخێ، خه‌ڵکی مه‌ریوان له مه‌یدانی شار کۆبووبوونه‌وه بۆ خۆپیشاندان دژی شاپوور به‌ختیارکه تازه بوو بوو به سه‌رۆک وه‌زیران.له‌م کۆبوونه‌وه‌دا له بڵنگۆیه‌وه هاواریان کرد "ئایه‌تووڵایه‌ک" که له تارانه‌وه هاتووه قه‌راره له مزگه‌وتی حوسێنییه‌وه بێت بۆ ناو خۆپیشاندانه‌که و قسه‌مان بۆ بکات. کاتێک مه‌لا له گه‌ل چه‌ند که‌س نزیکی جه‌ماوه‌ر بوونه‌وه و دروشمه‌کانی ده‌ستی خه‌ڵکیان بینی، مه‌لا له وتار خوێندنه‌وه‌ی خۆی په‌شیمان بوویه‌وه و به په‌له له گه‌ل چه‌ماعه‌ته‌که‌ی گرایه‌وه بۆ مزگه‌وته‌که.
ئه‌وه‌ی که له هه‌موو روون بوو ناره‌زایه‌تیه‌کان به بانگه‌وازی هیچ حیزبێکی سیاسی تایبه‌ته‌وه نه‌بوو به‌ڵکوو له لایه‌ن که‌سایه‌تیه‌کان، رێکخراوه‌کانی خوێندکاران، مامۆستایان (جامه‌عه‌ی مه‌عه‌له‌مین)، بازاریان و ... سازمانده‌یی و رێبه‌ری ده‌کرا. به‌شێکی زۆری ئه‌و که‌سانه‌ی که رێکخه‌ر و چالاکی ریپێوانه‌کان، مانگرتنه‌کان، خۆپیشاندانه‌کان و سه‌رجه‌م بزاڤی جه‌ماوه‌ر‌یه‌که‌ی خه‌ڵکی کورد‌ستان بوون دژی رژیمی حه‌مه ره‌زا شا، هه‌ر کامێکیان له لای جه‌ماوه‌ری شار و ناوچه‌ی خۆیان که‌سایه‌تییه‌کی کاریسمایان په‌یدا کرده بوو و بووبوون به جیگه‌ی بڕوا و متمانه‌ی خه‌ڵکی تێکۆشه‌ر . هه‌ر ئه‌مه بوو به به‌ردی بناغه‌ی پێگه‌ی کۆمه‌ڵه له کورد‌ستان.
کاتێک کاک فوادی رێبه‌ر، له رۆژی 22ی رێبه‌ندانی 57ی هه‌تاوی له مه‌یدانی چواررێی بایه‌وه، چووه سه‌ر ته‌راکتۆرێک به بڵنگۆیه‌تی ده‌ستی رووی له هه‌زاران که‌س کرد که خه‌ریکی شایی گێران بوون به بۆنه‌ی رووخانی رژیمی په‌هله‌وی وتی: هاونیشتمانانی تێکۆشه‌ر، رژیم رووخا به‌ڵام تێکۆشان هه‌ربه‌رده‌وام و ئه‌رکه‌کانمان زیاتر بووه. ئێمه ده‌بێ بۆ ئیداره کردن قۆڵ هه‌ڵماڵین. شورای شار و دێهاته‌کان دروست بکه‌ین، به جێگه‌ی فه‌رماندار شوڕا پیکبێنین . ئێمه ده‌بێ ستادی شار (بنکه‌ی سه‌ربازی) بۆ پارێزگاری له شار ساز بکه‌ین و هه‌ر ئیستا ده‌بێ شاره‌بانی(بنکه‌ی پۆلیس) چه‌ک بکه‌ین و چه‌که‌کان بدرێت به ستادی خه‌ڵکی". به سه‌ر ئه‌وه‌یدا که که‌س ناوی کۆمه‌ڵه(یشی) نه‌بیسته‌بوو به‌ڵام جه‌ماوه‌ر به هه‌موو بیر و بۆچوونی جیاواز که هه‌یان بوو به رێپێوان که کاک فواد(یش) له ریزی پێشه‌وه بوو، چووین و شاره‌بانیمان چه‌ک کرد.
که‌سایه‌تی کاریسمایی شه‌هید سدیق که‌مانگه‌ر له شاری مه‌زنی سنه هه‌وێنی یه‌کگرتنی هه‌زاران تێکۆشه‌رو شۆڕشگێری ئه‌و شاره بوو بۆ به ده‌سته‌وه گرتنی ئیداره‌ی شاری سنه. جه‌ماوه‌ری تێکۆشه‌ری شاری سه‌قز(یش) وه‌ک زۆربه‌ی شاره‌کانی کورد‌ستان به ده‌ستی خاڵی ده‌ستیان گرت به سه‌ر شاره‌بانی ئه‌و باژێڕه، به‌ڵام به‌داخه‌وه کاک حه‌مه حسێن که‌ریمی یه‌کێک له دامه‌زرێنه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران له‌و شه‌ڕه‌دا بریندار ده‌بێ و رۆژی 26ی رێبه‌ندان شه‌هید ده‌بێ که دواتر بۆ رێز لێنان له تێکۆشان و هه‌ڵسوورانی ماندونه‌ناسانه‌ی ئه‌م شوڕشگێره مه‌زنه و خومخۆری چه‌وساوه‌کانی کورد‌ستان، ئه‌م رۆژه به رۆژی ئاشگرا بوونی کۆمه‌ڵه دیاری ده‌کرێت.
دیاری کردنی ناوی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشکێر زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی کادره‌کانی کؤمه‌ڵه له مانگی سه‌رماوه‌زی 57ی هه‌تاوی په‌سه‌ند ده‌کریت. خۆشه‌ویستی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد ( ژ.ک) و دۆستایه‌تی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه له گه‌ل کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران له باشووری کورد‌ستان کاریگه‌رییه‌کی ئیجابییان هه‌بووه له سه‌ر قبوڵ کردنی ئه‌م ناوه. له‌و کاته‌یدا که رێکخراوه چه‌په سه‌راسه‌ریه‌کان له ئێران و ته‌نانه‌ت له کورد‌ستان ساڵهای ساڵ بوو هه‌ژموونی خۆیان به سه‌ر بیری چه‌په‌دا چه‌سپانده بوو، بیر کردنه‌وه له پێکهێنانی رێکخراوه‌یه‌کی چه‌پی کوردستانی له لایه‌ن ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه(وه) بڕیارێکی ژێرانه، جه‌سوورانه و نیشانده‌ری ناسینی هه‌لومه‌رجی سیاسی رۆژهه‌ڵات بووه. کۆبوونه‌وه‌ی مانگی سه‌رماوه‌ز که نێوی رێکخراوه‌که دیاری ده‌کات و کۆمه‌ڵی بڕیاری‌تریش بۆ کار چالاکی په‌سه‌ند ده‌کات، دواتر نێوی کۆنگره‌ی یه‌که‌می کۆمه‌ڵه‌ی لێ نڕا.
له سه‌ره‌تای ئاشکرا بوونی کۆمه‌ڵه ئه‌م رێکخراوه‌یه له لایه‌ن زۆربه‌ی خه‌ڵکی کورد‌ستان(وه) نه‌ناسراو بوو به‌ڵام ئه‌و که‌سانه‌ی که ئه‌ندام بوون و یا دواتر بوون به کادری هه‌ڵسووڕاوی ئه‌م حیزبه، له ریزی پێشه‌وه‌ی خه‌باتی جه‌ماوه‌ردا له‌و په‌ڕی فیداکارییه‌وه به‌شدار بوون دژی زڵم و چه‌وساندنه‌وه و کرده‌وه‌ی خه‌باتکارانه‌ی رۆژانه‌ی ئه‌وان بوو که جه‌ماوه‌ر بڕوای پێ ده‌کردن هه‌ر بۆیه ئه‌وه پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری کادره‌کان بوون که ئێعتباری به کۆمه‌ڵه ئه‌دا نه‌ک پێچه‌وانه‌که‌ی. باس کردن له خه‌باتی جه‌ماوه‌ریی شاری سنه بێ ناو له هێنانی شه‌هید سدیق که‌مانگه‌ر، یوسف ئه‌رده‌ڵان، شه‌هید ئه‌یوب نه‌به‌وی، کاک شه‌عیب زه‌کریایی و ده‌یان که‌سایه‌تی‌تر ، نووسینی رووداوه‌کانی مه‌ریوان بێ ناوهێنانی کاک فوادی رێبه‌ر، کاک عه‌تای رۆسته‌می، حسێن پیرخزری، کاک عه‌لی کۆنه‌پۆشی، ناهید به‌همه‌نی، مه‌له‌که‌ی مسته‌فا سوڵتانی، کاک چاوه‌ی شێخله‌سلامی، عه‌بدوڵڵای دارابی و هتد، تۆمار کردنی تێکۆشانی جه‌ماوه‌ری شاری سه‌قز و ده‌وروبه‌ری و باس نه‌کردن له ده‌ور و کاریگه‌ری که‌سانێک وه‌ک کاک حه‌مه حسێن که‌ریمی، دوکتۆر شاکری، شه‌هید یه‌حیای خاتوونی و هتد، نووسینی مێژووی کورد‌ستان له ساڵه‌کانی په‌نجای هه‌تاوی بێ ناو هێنانی ئه‌و که‌سانه‌ی که دواتر رێبه‌ران و هه‌ڵسووڕاوانی کۆمه‌ڵه بوون له پانتایی رۆژهه‌ڵاتی کورد‌ستان، ناحه‌قییه‌کی مه‌زن ده‌کرێ به‌رامبه‌ر به مێژوو و ته‌ڤگه‌ری رزگاریخوازی گه‌لی کورد. کۆمه‌ڵه هه‌ڵقوڵاوی شه‌پۆلی راپه‌رینی جه‌ماوه‌ر بوو دژی سته‌م و چه‌وساندنه‌وه و سه‌مه‌ره‌ی ره‌وتێکی به‌رفه‌راوان له هه‌زاران تێکۆشه‌ر و شوڕشگێری کورد‌ستان بوو که به فیداکاری و خه‌باتی ماندوونه‌ناسانه‌ی خۆیان پێگه‌ی کۆمه‌ڵه‌یان له رۆژهه‌ڵات به هێز کرد.
رژیمی پاشایه‌تی رووخا و دام و ده‌زگای ئه‌و دیکتاتۆره که‌وته ده‌ستی خه‌ڵک،گه‌لی راپه‌ڕیوی کورد له هه‌وڵی ئه‌وه دابوو که نوێنه‌رانی جه‌ماوه‌ر به‌شداری ئیداره کردنی شاره‌کانی کورد‌ستان بن و هاوکات ئاماده‌گی بۆ گه‌ڵاڵه کردنی داخوازیه‌کانی میلله‌تی کورد له رۆژهه‌ڵات ده‌کرا که دوای کۆماری کورد‌ستان یه‌که‌م جار بوو که هه‌لی وای بۆ بڕه‌خسێ. هه‌ر چه‌ند گه‌لی کورد هه‌موو هه‌وڵێکی ئه‌دا که له رێگا‌ی دیالۆک و ئاشتییانه‌وه کێشه‌کانی بێنه چاره‌سه‌ر کردن، به‌ڵام رژیمی تازه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووی ئیسلامی ئێران به رێبه‌ری خومه‌ینی هه‌ر له رۆژه‌کانی ئه‌وه‌ڵه‌وه به ناکۆکی نانه‌وه، هه‌وڵدان بۆ سازکردنی داروده‌سته له ژێر نێوی جۆراوجۆر بۆ دروست کردنی ئاژاوه و هه‌ر زۆر زوو په‌نا بردن بۆ هیز و سه‌رکوت و قه‌تڵ و عام کردن خه‌ڵکی بێ‌تاوان، جوابی داخوازیه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانی دایه‌وه. بارودۆخی سیاسی کورد‌ستان دوای راپه‌رین و جواب دانه‌وه به پێویستییه‌کانی شۆڕش، رێکخستنی رێکخراوه سێنفی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان،پوچه‌ڵ کردنه‌وه‌ی پیلانی هێزه کۆنه‌په‌رسته‌کان و هتد، بۆ کۆمه‌ڵه(یه‌کی) که‌نج که ته‌مه‌نی ئه‌ندامانی رێبه‌رایه‌ته‌که‌ی له ژێر 32 ساڵ‌دا بوو، ئه‌رکێکی زۆر ئه‌سته‌م و گران بوو. به‌ڵام ئیراده بۆ کار و تێکۆشان به هێز.
درێژه‌ی هه‌یه.
تێبینی:
1. له راپه‌رینی گه‌لانی ئێران دژی رژیمی حه‌مه ره‌زا شای په‌هله‌وی، زۆرێک له‌و کچ و کوڕانه‌ی کورد‌ستان که ده‌ور و رۆڵی به‌رچاویان هه‌بوو که دواتر به‌شێک له‌وانه بوون به هه‌ڵسوورای و یان ئه‌ندامی حیزب و ریکخراوه‌کانی‌تر وه‌ک رێکخراوه‌ی چریکه فیدایه‌کانی ئێران، حیزبی دیموکراتی کورد‌ستان ئێران و ... من رێزی زۆرم بۆ فیداکاری و تێکۆشانی ئه‌و که‌سانه هه‌یه به‌ڵام باسه‌که‌ی من زۆرتر به بۆنه‌ی سی ساڵه‌ی کۆمه‌ڵه(وه) هه‌یه هه‌ر بۆیه ته‌نیا ناو له هه‌ڵسووراوانی ئه‌م ره‌وته ده‌که‌م.
2. زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که له ریزی دامه‌زرێنه‌رانی کۆمه‌ڵه بوون، باس له‌وه ده‌که‌ن که ئه‌م حیزبه ساڵی 1348ی هه‌تاوی هاتووه‌ته دامه‌زراندن، به‌ڵام به هۆی ئه‌وه‌ی که من له وڕده‌کاری چۆنیه‌تی تێکۆشانی ئه‌وان، پێش له راپه‌رینی گه‌لانی ئێران زۆر ئاگادار نیم خۆم له باس کردنی ئه‌و به‌شه له میژووی کۆمه‌ڵه پاراستووه.
به دوای سی(30) ساڵ کۆمه‌ڵه چۆن پێناسه ده‌کرێت؟
حامید کۆنه‌پۆشی
به‌شی دووهه‌م :
هه‌ڵسه‌نگانده‌نێکی کورت له نێوان ته‌مه‌نی سه‌ره‌تایی ئه‌م رێکخراوه‌یه و دواتر
هێشتا چه‌ند رۆژێ مابوو که رژیمی شاه برووخێ، ئایه‌تووڵا خومه‌ینی، مه‌هدی بازرگانی راسپارت که حکومه‌تی کاتی پێک‌بێنێ. زۆربه‌ی خه‌لکی ئێران و کورد‌ستان لابردنی رژیمی حه‌مه ره‌زا شا، هه‌موو هزری داگرته بوون و که‌متر بیریان له‌وه ده‌کرده‌وه که چه سیسته‌مێک جێگای ئه‌و دیکتاتۆره بگرێته‌وه که ته‌مه‌نی روو به کۆتای ده‌چوو و رووخانی رۆژمێری بۆ ده‌کرا. زۆربه‌مان پێمان وابوو به نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌وی، کۆتای به هه‌موو زڵم و سته‌مێکه. به‌ڵام لای به‌شێک له بیرمه‌ندانی ئه‌م وڵاته له‌وانه که‌سایه‌تیه‌کانی کۆمه‌ڵه، هه‌ر زۆر زوو باسیان له مه‌ترسییه‌کانی دوای رووخانی رژیمیان ده‌کرت. بۆ وێنه رۆژی 19ی رێبه‌ندانی 57ی هه‌تاوی یادی ساڵرۆژی شه‌ڕی سیاکه‌ل ده‌کرایه‌وه له هۆڵێک له شاری مه‌ریوان که له لایه‌ن لایه‌نگرانی چریکه فیدایه‌کان رێکخرا بوو. کاک فواد به‌شداری کۆڕه‌که بوو و بۆ ئاماده بووان قسه‌ی کرد و وتی: رژیم ده‌رووخێ به‌ڵام له‌وانه‌یه حکومه‌تی داهاتوو داخوازیه‌کانی گه‌ل بشتگوێ بخات هه‌ر بۆیه ئێمه ده‌بێ هه‌ر له ئیستاوه ئاماده‌ی خه‌بات و تێکۆشان بین بۆ گه‌یشتن به ئازادی و سڕینه‌وه‌ی زڵم‌وزۆر.
هه‌ڵسووکه‌وتی حکومه‌تی کاتی بازه‌رگان هه‌ر له رۆژه‌کانی ئه‌وه‌ڵدا له گه‌ڵ چه‌مکه‌کانی ئازادی،ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵکی، ژنان و ... له ئێران به گشتی و زه‌بروزه‌نگ به کارهێنان به‌رامبه‌ر داخوازیه‌کانی گه‌لانی بنده‌ستی ئێران وه‌ک کورد، تورکمه‌نه‌کان و عه‌ره‌بی ئه‌هواز، وه‌ک شه‌ڕی نه‌ورۆزی خوێناوی شاری سنه له ساڵی 57/58ی هاتاوی، سه‌رکوت و کوشتاری بێ به‌زه‌یانه‌ی خه‌ڵکی "تورکمه‌ن" له ناوه‌ندی ئه‌م مه‌لبه‌نده واتا شاری گونبهدکاووس(1) ، قه‌تڵ وعامی دانیشتوانی "قارنا و قه‌ڵاتان و چه‌ند گوندی دیکه‌ی کورد‌ستان" سه‌لمێنه‌ری ئه‌و بۆچوونانه‌ی کاک فواد بوون که شۆڕش بۆ ئازادی به رووخانی حه‌مه ره‌زای په‌هله‌وی کۆتای پێ نایه و ده‌بێ بۆ تێکۆشانی دواتریش هه‌تا گه‌یشتن به ئازادی ئاماده‌ی به‌رخۆدان بین.
به‌شداری نه‌کردنی خه‌ڵکی راپه‌ریوی کورد‌ستان له راپرسی 12ی خاکه‌لێوه‌ی 58ی هه‌تاوی به جوابی" ئه‌رێ یان نه‌رێ" به کۆماری ئیسلامی ئێران (وه‌ک سیسته‌می سیاسی نوێی ئێران)، نیشانه‌ی ئیراده‌ی گه‌لێک بوو به‌رامبه‌ر به رژیمی خومه‌ینی که خه‌ریکی دامه‌زراندنی کۆڵه‌که‌کانی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری ئایینی خۆی بوو. که دواتر بوو به به‌ڵا نه‌ک ته‌نیا بۆ سه‌ر کورد‌ستان و گه‌لانی ئێران به‌لکوو ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستیشی تووشی قه‌یران، ئاڵۆزی و شه‌ڕ کرد که هه‌تا ئیستایش خه‌ڵکی ناوچه‌که باجی سیاسه‌تی کۆنه‌په‌ر‌ستانه‌ی ئه‌م رژیمه تیرۆریسته دده‌نه‌وه.
خه‌ڵکی کورد‌ستان له لایه‌ک له ململانێدا بوو له گه‌ڵ رژیمی تازه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووی کۆماری ئیسلامی ئێران و له لایه‌کی‌تره‌وه کۆمه‌ڵێ دیارده که تازه سه‌ریان هه‌ڵدابوو که ده‌بوایه رێبه‌ران و کادره‌کانی کۆمه‌ڵه له گه‌ل جه‌ماوه‌ر خۆیان بۆ رێکبخستایه‌ت. وه‌ک جه‌ماعه‌تی مه‌کته‌بی قورئان که به زۆری به لایه‌نگرانی ئه‌حمه‌دی موفتی‌زاده ده‌ناسران.به‌شێک له کۆنه مالیکه‌کان که له سه‌رده‌می رژیمی پێشوو له پلانێکی شادا ناسراو به رێفۆرمی زه‌وی (ئینقیلابی سپی) له ساڵی 42ی هه‌تاوی که بڕێک له ده‌سه‌ڵاتیان به سه‌ر مڵکی جوتیاراندا که‌م بووبوویه‌وه، که‌وتبوونه جمووجۆڵ بۆ داگیر کردنه‌وه‌ی زه‌ویوزاری جوتیاران و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته لێره‌و له‌وێ خۆیان چه‌کدار ده‌کرت، شه‌ڕی یه‌کێتی و پارتی دیموکرات که به هۆی زۆر هۆکاره‌وه ره‌نگدانه‌وه‌ی خۆی له رۆژهه‌ڵاتی کورد‌ستان(یش) دانابوو و بووه هۆی چه‌شنێک ئاڵۆزی له نێوان هێزه‌کانی رۆژهه‌ڵات له گه‌ل پارتی که ئه‌و کات به قیاده مه‌وه‌قه‌ت ناوده‌برا و هه‌ر وه‌ها زۆر کێشه‌ی‌تر که ده‌بوایه‌ت ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه‌ی تێکڵاو به گه‌ل خۆیان بۆ رێکبخستایه‌ت.
کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگیری زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران هه‌ر چه‌ند رۆژی 26ی رێبه‌ندانی 57ی هه‌تاوی بوونی خۆی وه‌ک رێکخراوه‌یه‌کی نوێ بۆ جه‌ماوه‌ر ئاشکرا ده‌کات به‌ڵام بێجگه له راگه‌یاندن له سه‌ر رووداوه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێران و کورد‌ستان که هه‌ڵوێستی خۆی ده‌رده‌بڕی، له هیچ کوێیه‌ک به ئاشکرا رێکخستنی له چوارچێوه‌ی حیزبی پێک نه‌هێنا به‌ڵکوو هه‌موو تواناکانی خۆی خستبووه گه‌ڕ بۆ پێکهێنانی رێکخراوه جه‌ماوه‌ریه‌کان. بێجگه له پێکهێنانی شۆرای شار و لادێ که ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه و یان دواتری ئه‌و حیزبه پێکهێنه‌ری ئه‌سڵی بوون، بیرۆکه‌ی دامه‌زراندنی جه‌معییه‌تی دیفاع له ئینقیلابی شاری سنه، کۆمه‌ڵه‌ی دیفاع له مافی گه‌لی کورد له مه‌ریوان و هه‌روه‌ها کۆڕ و جه‌معیه‌تی هاوشێوه له زۆربه‌ی شاره‌کانی‌تری کورد‌ستان، ئیبته‌کاری ڕێبه‌ران و کادره‌کانی کۆمه‌ڵه و به تایبه‌ت کاک فوادی رێبه‌ر بوو. رێکخراوه پیشه‌یه‌کانیش وه‌ک جامعه‌ی معه‌له‌مین، یه‌کێتی کرێکاران، بازاریان، خوێندکاران و هتد لایه‌نگرانی ئه‌م رێکخراوه‌یه یه‌کێک له لایه‌نه بزوێنه‌ر و پێکهێنه‌ره ئه‌سڵییه‌کانی بوون. له‌و کاته‌دا که چریکه فیدایه‌کانی ئێران، حیزبی دیموکرات، رێکخراوه‌ی په‌یکار، رێکخراوه‌ی رێگا‌ی کرێکار و زۆر رێکخراوی چه‌پی سه‌رانسه‌ری له هه‌موو رێگایه‌که‌وه مه‌شغوڵی پڕوپاگه‌نده بوون بۆ رێکخراوه‌که‌ی خۆیان به‌ڵام کادره‌کانی کۆمه‌ڵه پێکهێنانی رێکخراوه جه‌ماوه‌ریه‌کان و به گه‌ڕ خستنی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری، پراکتیکی شه‌و ورۆژیان بوو.
یه‌کێتی جوتیارانی" هه‌ورامان و مه‌ریوان" یه‌ک له‌و رێکخراوانه بوو که زۆربه‌ی جوتیارانی ئه‌و ناوچه‌یه به‌شداری پێکهێنانی بوون و له گه‌ڵ شوورای شاره‌کان و... ناره‌زایه‌تیه جه‌ماوه‌ریه‌کانیان رێکده‌خست دژی ده‌وڵه‌تی کاتی بازه‌رگان له ئێران و یان ئه‌و لایه‌نانه‌ی که به فیتی باڵی تووندڕه‌وی کۆماری ئیسلامی به رێبه‌رایه‌تی خومه‌ینی، له کورد‌ستان ئاژاوه‌یان ده‌نایه‌وه، وه‌ک به‌شێک له کۆنه ساواکیه‌کان، مه‌کته‌ب قورئان و بڕێک له ئاغاکانی کورد‌ستان که دژی داخوازیه‌کانی خه‌ڵکی کورد‌ستان یه‌کیان گرتبوو. ئه‌م لایه‌نانه که بووبوونه دارده‌ستی کۆماری ئیسلامی ئێران له کورد‌ستان،هه‌وڵیانده‌دا له‌و گرژێیه‌ی که له نێوان پارتی دیموکرات و لایه‌نه سیاسیه‌کانی رۆژهه‌ڵات پێک هاته‌بوو که‌ڵک وه‌رگرن و بڕێک له هێزه سه‌ربازیه‌کانی پارتی که له ده‌وروبه‌ری ئاوای دزڵیی مه‌ریوان جێگیر بوو بوون راپێچی ئه‌و شه‌ڕه بکه‌ن که خۆیان به پاڵپشتی مه‌لاکانی ئێران، دژبه لایه‌نه سیاسیه‌کان و سه‌رجه‌م جه‌ماوه‌ری کورد‌ستان ده‌یان کرد.
به ئێبته‌کاری کاک فواد، بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی ئاغه‌کان، چه‌کدارانی موفتی‌زاده و... بۆ سه‌ر جوتیاران و خه‌ڵکی تێکۆشه‌ر و، هاوکات خۆ ئاماده کردن بۆ دیفاع له ده‌سکه‌وته‌کانی گه‌لی کورد له ئه‌گه‌ری هێرشی به‌ربه‌ڵاوی هێزه‌کانی ئێران بۆ سه‌ر شاره‌کانی کورد‌ستان؛ پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی جوتیارانی هه‌ورامان و مه‌ریوان پێکهات. له شاره‌کانیش پێشتر ستادی شار بۆ پاراستنی ئاسایشی خه‌ڵکی سازکرابوو که شۆڕشگێڕانی تێکه‌ڵ به گه‌ل، رێبه‌ر و رێکخه‌ری یه‌که‌می بوون. بۆ وێنه به‌رپرسسی یه‌که‌می ستادی شاری مه‌ریوان شه‌هید عه‌تای رۆسته‌می بوو. کاک فواد به پشت به‌ستن به کادرهایه‌کی لێهاتوو و به‌توانا وه‌ک شه‌هید حه‌سه‌ن شه‌عبانی، شه‌هید ئه‌مین مسته‌فا سوڵتانی، تاهێر خالیدی و هتد هێز‌ی سه‌ربازی یه‌کێتی جوتیارانیان سازکرد که پارێزه‌ری کۆچی مه‌ریوان له شه‌خسه‌که‌ی" کانی میران" له قه‌راخ گۆمی زرێبار، رێپێوانی مێژوویی چه‌ند هه‌زار که‌سی خه‌ڵکی سنه بۆ پشتیوانی له کۆچی به‌کۆمه‌ڵی خه‌ڵکی شاری مه‌ریوان( به فه‌رمانده‌یی کاک شوان)، هه‌روه‌ها پاراستنی رێپێوانی خه‌ڵکی سه‌قز/بانه بۆ مه‌ریوان . دواتر ئه‌م هێزه بووه به‌ردی بناغه‌ی هێز‌ی پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه له رۆژهه‌ڵاتی کورد‌ستان.
کۆمه‌ڵه له هه‌ر شوێنێکی رۆژهه‌ڵاتی کورد‌ستان که خه‌بات و تێکۆشان هه‌بووایه، به هه‌موو توانایه‌وه به‌شداری تێی‌دا ده‌کرد. کادره‌کانی ئه‌م حیزبه بزوێنه‌ری به‌رخۆدانی گه‌ل بوون دژی زڵم‌وزۆر و چه‌وساندنه‌وه. که‌م ناره‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری هه‌بوو که چالاکوانانی ئه‌و ره‌وته رێکخه‌ری نه‌بوو بن. به‌ده‌گمه‌ن له‌و سه‌رده‌مه رێکخراوه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری سازکرابوو بێ، بێ رۆڵی راسته‌وخۆی کادره‌کانی ئه‌م حیزبه. به‌ڵام هونه‌ر له‌وه دابوو که کؤمه‌ڵه هه‌تا سه‌رده‌می شه‌ڕی سێ مانگه له هێچ شوێنێکی کورد‌ستان یه‌ک بنکه‌یشی به نێوی خۆیه‌وه دانه‌مه‌زراند بوو. بۆ کادره‌کانی ئه‌و حیزبه، کۆمه‌ڵه که‌ره‌سه بوو بۆ خه‌بات، رێکخستن و پێکهێنانی یه‌ک ریزی و یه‌ک ده‌نگی گه‌لی خه‌باتکاری کورد‌ستان، لای ئه‌وان تێکه‌ڵ بوون له‌گه‌ل هه‌ژاران و به‌ره‌و پێشچوونی تێکۆشانی جه‌ماوه‌ر، جه‌وهه‌ری هزری کار و تێکۆشانی دروست ده‌کردن. کۆمه‌ڵه لای هه‌ڵسووڕاوانی ماندوونه‌ناسی ئه‌م رێکخراوه‌یه، ئامانج و یا ئایین نه‌بوو بۆ په‌ره‌ستش. به‌ڕژه‌وه‌ندی جه‌ماوه‌ر له سه‌ره‌وه‌ی هه‌موو شتێکدا بوو. له زۆربه‌ی ئه‌و جموجۆڵه جه‌ماوه‌ریانه که کادره‌کانی کۆمه‌ڵه رێکخه‌ری بوون، زۆرێک له ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبه‌کانی‌تر وه‌ک حیزبی دیموکرات و رێکخراوه‌ی چریکه فیدایه‌کانی ئێران و هتد، چالاکانه تێی‌دا به‌شداریان ده‌کرد. به‌ڵام حیزبی توده هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هه‌ڵوێستی هه‌لپه‌ره‌ستانه‌ی هه‌بوو به‌رامبه‌ر داخوازیه‌کانی خه‌ڵکی کورد‌ستان به گشتی و ڕقێکی زۆری به تایبه‌تی له کۆمه‌ڵه هه‌بوو و زۆر له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوو که درز له نێوان هێزه‌کانی به‌شداری بزووتنه‌وه‌ی گه‌لی کورد‌ستان دروست بکات و یان به پڕوپاگه‌نده‌ی دروست کراو، ده‌یویست ره‌وایی خه‌باتی ئه‌و نه‌ته‌وه به مێژوو زڵم لێ‌کراوه ناشیرین بکات.
زۆربه‌ی شار و لادێکانی کورد‌ستان له لایه‌ن گه‌له‌وه ئیداره ده‌کرا و به‌شی هه‌ره زۆری بنکه‌کانی پۆلیس و ژاندارمری چه‌ک کرابوون. به‌ڵام بنکه مه‌زنه‌کانی ئه‌رته‌شی ئیران بێجگه له پاد‌گانی مه‌هاباد وه‌ک خۆیان مابوونه‌وه. کۆماری ئیسلامی به شوێن به‌هانه‌دا ده‌گه‌ڕا بۆ ئه‌وه‌ی هێرش بۆ گرتنه‌وه‌ی کورد‌ستان ده‌سپێ بکات و پیلانه‌کانی خۆی له رێگا‌ی چه‌کدار کردنی ده‌سته‌ی نه‌هێنی بۆ تیرۆر و یان دانانی باره‌گای سه‌ربازی له نێو شاره‌کاندا بێ ئاگاداری شۆڕای شار. بۆ ئه‌و هێزانه که دژایه‌تی داخوازیه‌کانی خه‌ڵکی کوردیان ده‌کرد، وه‌ک جه‌ماعه‌تی مه‌کته‌بی قورئان، مه‌لا حه‌سه‌نی و هتد که بووبوونه هۆی تێکدانی ئاسایشی خه‌ڵک له بڕێک له شاره‌کانی کورد‌ستان.
رووداوی 23ی پووشپه‌ڕی ساڵی 58ی هه‌تاوی له شاری مه‌ریوان یه‌ک له‌و داوانه بوو که رژیم بۆ سه‌رکوتی خه‌ڵکی مه‌ریوان، له پێشدا و دواتر هه‌مووی کورد‌ستان داینابوو. رۆژی دوای شه‌ڕه‌که هێزه‌کانی ئه‌رته‌ش له پادگان هه‌ڕه‌شه‌ی هێرش بۆ سه‌ر شاریان ده‌کرد. کاک فواد هه‌ر چه‌ند له رۆژی شه‌ڕی 23ی پووشپه‌ڕ له مه‌ریوان نه‌بوو به‌ڵام له کاتی هه‌ڕه‌شه‌کانی ئه‌رته‌ش‌دا گه‌ڕابوویه‌وه بۆ شار.
ئێواره‌یه‌ک تازه هه‌وا خه‌ریک بوو تاریک ده‌بوو، هێزه‌کانی رژیم له پادگانه‌وه شاریان دایه به‌ر تۆپی قورس، پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی جوتیاران، خه‌ڵکانی سه‌ربه‌خۆ و ده‌سته‌یه‌ک له پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی نیشتمانی کورد‌ستان به ده‌وری شاردا دامه‌زرا بوون بۆ پێش‌گرتن له هێرشه‌کانی ئه‌رته‌ش و جه‌ماعه‌تی موفتی‌زاده. کۆمه‌ڵێ خه‌ڵک هاته‌بوون بۆ بنکه‌ی یه‌کێتی جوتیاران، کاک فواد له ناو حه‌وشی مقه‌ره‌که ڕاوێژی له گه‌ڵ خه‌ڵکه‌که ده‌کرد. جار به جاریش له گه‌ڵ به‌رپرسانی بنکه‌که له گۆشه‌یه‌کدا کۆده‌بویه‌وه( ئه‌وسا له نێو خه‌ڵکدا به سۆحبه‌ته‌وه به جه‌ماعه‌تی کۆمه‌ڵه‌یان ده‌وت "خێڵی چپه"[خێلی سرته]، له پڕ له شوێنێک کۆده‌بوونه‌وه و ده‌ستان ده‌کرد به چپه‌چپ کردن. ئه‌کات هێشتا زۆربه‌ی خه‌ڵک نه‌یانده‌زانی که ئه‌وانه کۆمه‌ڵه‌ن). له حه‌و‌شه‌که بیست تا سی که‌س ده‌بووین که به ده‌وری کاک فواد کۆبووبووینه‌وه بۆ گوێگرتن له پێشنیاره‌کانی، دوای که‌مێ بێده‌نگی ده‌ستی به قسه‌کردو وتی: ده‌وڵه‌ت به‌هانه‌ی هێرشی په‌یدا کردووه و ده‌یهه‌وێ حه‌مامی خوێن رێک بخات، ئێمه ده‌بێ پیلانی ئه‌وان پووچه‌ڵ بکه‌ینه‌وه و هه‌ر جۆرێک بوو بێ پێش به‌و شه‌ڕه ناڕه‌وایه بگرین. ئه‌وان خومپاره‌بارانی شاریان ده‌سپێ کردووه و له هیچ تاوانێک سڵ ناکه‌ن، هه‌ر بۆیه باشترین رێگه ئه‌وه‌یه که هه‌موو خه‌ڵکی شار پێکه‌وه به ناره‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر به هه‌ڕه‌شه‌کانی ده‌وڵه‌تی بازه‌رگان و ئه‌رته‌ش بۆ سه‌ر دانیشتوانی بێتاوانی شاره‌که، شار به‌جێ بهێڵین و له شوێنێک ئۆردوگا لێ‌بده‌ین. به هۆی بڕوایه‌کی قووڵ که هه‌موو که‌س به کاک فوادی رێبه‌ری هه‌بوو پێشنیاره‌که‌ی لای هه‌موان په‌سه‌ند کرا. به‌س کاک چاوه(فاتێح شێخ ئه‌لوسلامی) که هه‌ر له سه‌ره‌تایشه‌وه موخالیفی پێکهێنانی یه‌کێتی جوتیاران بوو، پێی وابوو که له‌وانه‌یه خه‌ڵک پشتیوانی له‌م حه‌ره‌که‌ته نه‌که‌ن و زۆر به دوودڵی قسه‌ی کرد. له حه‌دودی سه‌عاتێک دواتر به بڵندگۆ خه‌ڵکی شار ئاگادار کران، شۆڕای شار که کاک فواد یه‌ک له ئه‌ندامانی بوو، داوا له هه‌موو دانیشتوانی شار ده‌کات بۆ ناره‌زایه‌تی ده‌بڕین به سیاسه‌تی شه‌ڕئه‌نگیزی حکومه‌ت، شار به جێبێڵین. به‌شێکی زۆری خه‌ڵکه‌که به‌و شه‌وه تاریکه پیر، نه‌خۆش، منداڵ و... به پێ رێکه‌وتن به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ی که دیاری کرابوو. وه‌ک ئه‌وه وابوو که له یه‌ک شه‌ودا شار هه‌ڵکه‌نرێ و ببرێ له شه‌خسه‌که‌ی" کانی میران" دابنرێ (کانی میران گوندێکی شاری مه‌یوانه له رۆژئاوای گۆلی زریبار که به به‌ره‌ی به‌گزاده ده‌ناسریت).
دارێژه‌رانی کۆچه مێژوویه‌که‌ی مه‌ریوان له‌و ساته‌وه‌خته‌دا که‌سیان بیریان له‌وه نه‌ده‌کڕده‌وه که ئه‌م حه‌ره‌که‌ته ده‌بێ به به‌شێک له میژوویی پڕ له شانازی ئه‌م گه‌له. رێپێوانه چه‌ند هه‌زار که‌سیه‌که‌ی خه‌ڵکی شاره‌کانی سنه ، سه‌قز،بانه بۆ مه‌ریوان و پشتیوانیی شاره‌کانی دیکه به‌ناردنی کاروانی یارمه‌تیی وه‌ک پێخه‌و و خوردن و... له شاره‌کانی دیکه‌ی کورد‌ستان وه‌ک بۆکان ،مه‌هاباد، سه‌رده‌شت و... که‌مه‌تر له کۆچه‌که نه‌بوو، که بوو به فشارێکی زۆر بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی مل به وتووێژ له گه‌ل شۆڕای شار بدات و گیراوانی پادگان ئازاد بکات که کاک ساعد وه‌ته‌ندوست یه‌ک له گیراوه‌کان بوو.
کاک فواد هه‌موو ئێواره‌یه‌ک خه‌ڵکی ئۆردوگاکه‌ی کۆده‌کرده‌وه و راپۆرتی 24 سه‌عاته‌ی کاری نوێنه‌رانی شۆڕای به خه‌ڵکه‌که راده‌گه‌یاند و هاوکات بۆ ڕاوێژ کردن له گه‌ل به‌شدار بووان ده‌که‌وته گفتووگۆ کردن. نوێنه‌رانی پله به‌رزی کۆماری ئیسلامی چه‌ند جار بۆ وتووێژ هاتن بۆ مه‌ریوان به‌ڵام له سه‌ره‌تادا ئه‌وان له سه‌پاندنی شه‌رته‌کانی خۆیان پێیان داده‌گرت، به‌ڵام خۆڕاگری جه‌ماوه‌ر پیلانه‌کانی لێ تێک ده‌دان. له دانیشتنێکی شۆرای شار له گه‌ڵ نوێنه‌رانی حکومه‌ت که یه‌ک له‌وانه ئایه‌تووڵایه‌کی پله به‌رزی کۆماری ئیسلامی بوو به‌ناوی ئایه‌توڵا لاهووتی. لاهووتی به نوێنه‌رانی شۆرا ده‌ڵێ: ئێوه‌ن که ناهێڵن خه‌ڵکه‌که بگه‌ڕێته‌وه و من دێم و له نزیکه‌وه قسه‌یان له گه‌ڵ ده‌که‌م و پێیان ده‌ڵێم که بگه‌رێنه‌وه، ئه‌ندامانی شۆڕای ده‌ڵین قه‌بووڵی ده‌که‌ن که بێن.
نزیک به سه‌عاتی11ی پێش نیوه‌ڕۆ بوو ئایه‌تووڵڵا به چه‌ندین ماشینی( زیلیی ئه‌رته‌شییه‌وه) خاڵی هات بۆ ئۆردوگا. کومیته‌ی به‌رێوه‌به‌ری، خه‌ڵکه‌که‌ی کۆکرده‌وه و مه‌لا ده‌ستی به قسه کردن کرد و داوای کرد که واز له ناڕه‌زایه‌تییه‌که بێنن و بگه‌ڕینه‌وه بۆ شار. شێره ژن" حاجی ته‌ڵا" گه‌ڵایه‌کی له دار به‌ڕوویه‌ک که‌نده‌وه و رووی له مه‌لا کرد‌و خستیه ده‌می و به ده‌نگی به‌رز وتی: "ئه‌گه‌ر له مه‌جبووریدا گه‌ڵای دارمان خوارده‌بێ ته‌سلیمی ملهوڕی و زۆری ئێوه نابین". ئاخونده‌که که ئیرادی پۆڵاینی جه‌ماوه‌ری بینی به ده‌ست و ماشینی خاڵییه‌وه گه‌ڕایه‌وه بۆ پاد‌گانی مووسک( مه‌ریوان). دواتر بڕێک له هاورێیانی شاره‌کانی‌تر کرده‌بوویان به شۆخی و ده‌یانوت که خه‌ڵکی ناوچه‌کانی‌تری کورد‌ستان بۆیه به مه‌ریوانی ده‌ڵێن "به‌ڕوو خۆر".
هه‌ڵسووراوانی ئه‌م ناره‌زایه‌تیه میژوویه و به تایبه‌تی کاک فواد له رۆژه‌کانی کۆتایی کۆچه‌که، هه‌موو هه‌وڵێکیان بۆ ئه‌وه بوو که رژیم ناچار که‌ن به قبوڵ کردنی لانی که‌م به‌شێک له داخوازیه‌کان، چوونکو ئه‌وان ده‌یانزانی که پتانسێلی ئه‌م حه‌ره‌که‌ته هه‌ر چه‌نده به ئیراده‌یه‌کی به هێز ده‌ستی پێ‌کرد به‌ڵام هاوکات سنووه‌داریشه و ده‌بێ توانا و هیوا بۆ جموجۆڵی دواتری جه‌ماوه‌ری له به‌رچاو بگیردرێت. کاک فواد له رۆژی کۆتایی کۆچه‌که بۆ خه‌ڵکه‌که قسه‌ی کرد و وتی: ئێمه دیاره به هه‌موو داخوازیه‌کانمان نه‌گه‌یشتین. به‌ڵام ده‌سکه‌وتیشمان زۆر بوو، ئێمه به‌م ناره‌زایه‌تیه پێشمان به هێرشی ده‌وڵه‌ت بۆ سه‌ر شاره‌که گرت، ئه‌وانمان ناچار کرد که شوڕای شار قه‌بوڵ بکه‌ن. هاورییانی به‌ندگرای پادگان ئازاد بکه‌ن و گه‌وره‌تر له‌وه یه‌کیه‌تییه‌کی به هێزمان له نێوان جه‌ماوه‌ری شاره‌کانی کورد‌ستان و هه‌روه‌ها شۆڕشگێڕانی ئیران دروست کرد. ئێمه پیلانی ئه‌م جاره‌ی کۆنه‌په‌رستانمان پوچه‌ڵ کرده‌وه، به‌ڵام ئه‌وان له‌م کارانه هه‌ر ده‌که‌ن و به‌رده‌وام ده‌بن. له‌وانه‌یه له شوێنیکی‌تر به‌دوای ئاژاوه نانه‌وه‌دا بن. هه‌ر بۆیه ده‌بێ خۆمان بۆ ناره‌زایه‌تی له‌مه به‌رینتریش ئاماده بکه‌ین و یه‌ک ریزی خۆمان بپارێزین.
ئه‌گه‌ر که‌سێک قه‌د له کورد‌ستان(یش) نه‌ژیابێ، کاتێک ئه‌و رووداوانه‌ی که‌متر له مانگێکی کورد‌ستان بخوێنێته‌وه بڕوای قووڵی کادره‌کانی کۆمه‌ڵه به خه‌ڵک، زه‌حمه‌تکێشان و بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری بۆ ده‌رده‌که‌وێ و هونه‌ری کاسایه‌تییه‌ک وه‌ک کاک فواد ده‌رده‌خا که چۆن توانی ئه‌م هه‌موو بیر جیاوازانه یه‌کبخات و ئاوه‌ها بزووتنه‌وه‌یه‌کی به هێز‌ی جه‌ماوه‌ری لێ بکه‌وێته‌وه.
ژیانی کاک فواد وه‌ک هه‌ر هاوڵاتییه‌کی ئاسایی وابوو. وه‌ک هه‌موو که‌سێک له گروی کاری ئۆردوگا به‌شداری ده‌کرد بۆ پاراستن، خاوێن کردنه‌وه و دابه‌ش کردنی نان و خۆراک به سه‌ر که‌پر و خێمه‌کاندا. هه‌ڵسووکه‌وتی رۆژانه‌ی کاک فواد له نێو جه‌ماوه‌ر، هه‌وێنی که‌سایه‌تی کاریسمایی ئه‌و بوو.
لاباڵه‌کانی رژیم به شێوه‌ی شاراوه له ململانێدا بوون. جپهه‌ی میللی و نێهزه‌تی ئازادی زۆر حه‌زیان له تووندڕه‌وی مه‌لاکان نه‌بوو، هه‌ر چه‌نده سه‌رۆکی حکومه‌ت له ئه‌وان بوو. به‌ڵام به کرده‌وه ئایاتووڵڵاکان و سپای پاسداران ده‌سه‌ڵاتی ئێرانیان به ده‌سته‌وه بوو و بازرگان، سه‌رۆک وه‌زیرانیان ناچار ده‌کرد په‌یڕه‌وی له ره‌وشی ئه‌وان بکات. سه‌رکوتی ئازادیه‌کان له ئێران و گرتنه‌وه‌ی شاره‌کانی کورد‌ستان یه‌کێک له‌و رێگایانه بوو که باڵی تووندره‌وی ئیسلامی ده‌یویست پێگه‌ی خۆی پێ به هێز بکات. هه‌ر چه‌نده هه‌ر دوو لا له سه‌رکوتی خه‌ڵکی کورد‌ستان کۆک بوون، به‌ڵام شێوه‌ی کاریان بۆ کپ کردنی ده‌نگی ناره‌زایه‌تی جیاواز بوو. مه‌ترسی هێرشی به‌ربڵاو بۆ سه‌ر کورد‌ستان له زیاد بووندا بوو. چۆن کار کردن بۆ پێشگیری و یان دواخستنی هێرشی به‌ربڵاوی کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر کورد‌ستان بیری لایه‌نه‌کان و جه‌ماوه‌ری به خۆیه‌یه مه‌شغوڵ کرده بوو. کادره‌کانی کۆمه‌ڵه که به زۆری لاو، که‌م ئه‌زموون ، به‌ڵام ئیراده‌یه‌کی به هێز بۆ خه‌بات و تێکۆشان، چۆن خۆ ئاماده کردن بۆ ئه‌و ئه‌گه‌رانه، تاقی کردنه‌وه‌یه‌ک بوو بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وان له‌و قۆناغه نوێیه‌ی که به‌ڕێوه بوو.
درێژه‌ی هه‌یه...
18/2-2009
په‌راوێز:
1.تێکۆشه‌رانی قاره‌مانی شاری سنه ده‌وا و ده‌رمانیان کۆکرده‌وه بۆ یارمه‌تیدانی خه‌ڵکی لێ‌قۆماوی "تورکمان سه‌حرا" که که‌وتبوونه ژێر په‌لاماری هێزه‌کانی رژیم. یه‌ک له ماشینه‌کانی کاروانه‌که(مینی بووس) که به‌ره‌و گونبهدکاووس رێده‌که‌ون، له رێگه‌دا له نیوان شاری بیجار و زه‌نجان وه‌رده‌گه‌ڕی که به داخه‌وه نۆ له کچان و کوڕانی شۆڕشگێری ئه‌و شاره شه‌هید ده‌بن. که دوکتۆڕ فه‌تحوڵڵا لوتفوڵڵانه‌ژادیان شۆرشگیڕی ماندوو نه‌ناس، یارمه‌تیده‌ر و دڵسۆزی هه‌ژارانی ناوچه‌ی ژاوه‌ڕۆ، مامۆستای ده‌یان تێکۆشه‌ری کورد‌ستان یه‌کێک له قوربانیه‌کانی ئه‌و کاره‌ساته دڵته‌زێنه بوو. خۆشه‌ویستی بۆ ئه‌م که‌سایه‌تیه مه‌زنه، ریشه‌ی له دڵی هه‌زاران خه‌باتکاری کوردستاندایه
به‌شی سێهه‌م
هه‌ڵسه‌نگاند‌نێکی کورت له نێوان ته‌مه‌نی سه‌ره‌تایی ئه‌م رێکخراوه‌یه و دواتر
ناوه‌ڕاستی مانگی گه‌لاوێژی 58 ی هه‌تاوی بوو، ئه‌م هاوینه له به‌راورد به ساڵه‌کانی پێشووتر گه‌رم‌تر بوو. به‌ڵام ترس له هاتنی هه‌وری ره‌ش هه‌موو لا‌یه‌کی تووشی چه‌شنێک له سه‌رسامی کرد‌بوو. تووندڕه‌وی کۆماری ئیسلامی هه‌ر ده‌هاتوو به هێز‌تر ده‌بوو، به‌رهه‌مه‌کانی راپه‌رینی ده‌سڕیه‌وه و ئازادیه‌کانی به‌رته‌سک ده‌کرده‌وه. میلله‌تی عه‌ره‌بی ئه‌هواز و تورکه‌مه‌نسه‌حرای زۆر بێبه‌زه‌ییانه سه‌رکوت کرد‌بوو و هێرشی به‌ربڵاوی داروده‌سته‌ی گۆپاڵ له ده‌ستی ده‌سه‌ڵات بۆ سه‌ر زانکۆکان له ئێران به گشتی و تاران به تایبه‌تی گرینگ‌ترین هه‌واڵی رۆژنامه‌کانی ئه‌و کاته‌ی ئێران و رادیۆ فارسیه‌کان بوو. به دوای رژیمی په‌هله‌وی، زانکۆکان یه‌کێک له ناوه‌نده گرینگه‌کانی شۆڕش گه‌لان بوو بۆ پاراستن و دیفاع له ده‌سکه‌وته‌کان، ئازادی، مافی ژنان، نه‌ته‌وه‌کانی بنده‌ست و هتد و هه‌روه‌ها پشتیوانێکی به هێز بوو بۆ بزووتنه‌وه‌ی حه‌قخوازانه‌ی خه‌ڵکی کورد‌ستان. ئه‌و کات زۆر لایه‌ن به دروستی باسیان له‌وه ده‌کرد که هجووم بۆ سه‌ر زانکۆکان، سه‌ره‌تای هێرشێکی به‌رفراوانه بۆ سه‌ر کورد‌ستان که به سه‌نگه‌ری ئازادی نێوده‌برا.
به دوای پوچه‌ڵ کردنه‌وه‌ی پیلانی رژیم له مه‌ریوان له لایه‌ن سه‌رجه‌م جه‌ماوه‌ری تێکۆشه‌ری کوردستانه‌وه،ده‌وڵه‌ت له ژێره‌وه له رێگا‌ی به‌کرێکیراوانی خۆیه‌وه درێژه‌ی به پیلانگیڕی خۆی ده‌دا و ئه‌م جاره ناوچه‌ی که‌ره‌فتووی هه‌ڵبژارد. ئاغاکانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره که له ژێره‌وه ده‌ستیان له گه‌ڵ حکومه‌ت تێکڵاو کرد‌بوو، ده‌ستیان دایه ده‌رکردنی جوتیاران و زه‌وت کردنی زه‌ویوزاره‌کانیان. یه‌کێتی جوتیارانی سه‌قز( ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه هه‌ڵسوڕاوانی سه‌ره‌کی ئه‌م رێکخراوه‌یه بوون) چوون بۆ ناوچه‌که بۆ پشتیوانی کردن له جوتیاران که لایه‌ن چه‌کدارانی ئاغاواته‌کانه‌وه هێرشیان ده‌کرێته سه‌ر و شه‌ڕ ده‌ستپێده‌کات. هه‌ر چه‌نده داروده‌سته‌ی مالیکه‌کان تێکده‌شکێندرێن و چه‌ند له سه‌رانیان به‌دیل ده‌گیریه‌ن، شه‌ڕه‌که زوو کۆتایی پێ دێ و ئاژاوه‌ی ئه‌م جاره‌یشیان بێ ئاکام ده‌بێ. به‌داخه‌وه له‌و شه‌ڕه‌دا چوار شۆڕشگێر شه‌هید ده‌بن که خۆشه‌ویستی خه‌ڵکی سه‌قز و له رێبه‌رانی ماندوونه‌ناسی بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌کانی ناوچه‌که بوون .
داخوازیه‌کانی گه‌لی کورد پێش له کۆتایی ساڵی57 ی هه‌تاوی له چه‌ند خاڵدا گه‌ڵاڵه کرا بوون و چه‌ند جارێک خرایه به‌رده‌ست نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌ت که بۆ گفتووکۆ کردن له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌ردانی شاره‌کانی سنه و مه‌هاباد(یان) کرد‌بوو و یان چه‌ند جار نوێنه‌رانی خه‌ڵکی کورد چوون بۆ تاران و ته‌نانه‌ت دیداریان له گه‌ڵ خۆمه‌ینی پێکهێنا؛ بۆ ئه‌وه‌ی له نزیکه‌وه پێیان بڵێن که داواکاریه‌کانی میلله‌تی کورد چییه و بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌کان له رێگه‌ی ئاشتییانه‌وه چاره‌سه‌ر بکرێن. هه‌ر چه‌ند هه‌ڵسووکه‌وتی کاربه‌ده‌ستانی رژیم له سه‌ره‌تاوه پڕی بوو له وه‌عده و به‌ڵێن و، هه‌موو جارێک داوای کاتی زۆرتریان ده‌کرد بۆ تێگه‌یشتن له پرسی کورد، به‌ڵام ئه‌وان هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتیان به‌ره‌و سه‌قامگیری ده‌چوو،زۆرتر له‌و به‌ڵێنانه دوورده‌که‌وتنه‌وه که له سه‌ره‌تاوه له به‌ر لاوازی خۆیان به خه‌ڵکی کورد‌ستان(یان) دابوو.
مانگی گه‌لاوێژی 58 ی هه‌تاوی بوو، شه‌ش مانگ له گه‌ڵاڵه کردنی داخوازیه‌کانی ئه‌م میلله‌ته بێ به‌شه تێپه‌ری بوو. به داخه‌وه نه‌ک خه‌به‌رێک له هیچ چه‌شنه وڵامێکی ده‌وڵه‌ت بۆ سه‌لماندنی ئه‌و داخوازانه نه‌بوو، به‌ڵکه چاوه‌ڕوانیی به ره‌سمیه‌ت ناسینی مافی ئه‌م میلله‌ته بنده‌سته هه‌ر ده‌هاتوو که‌متر ده‌بوو. تا ئه‌وه‌ی به پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانیه‌کان، هه‌ڕه‌شه‌کانی رژیم بۆ به کار هێنانی هێز دژی ئه‌م گه‌له و بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌کان توونتر بوو و مه‌ترسی ئه‌وه‌ی که کورد ئه‌و ده‌سکه‌وته‌کانه‌یش که له سه‌رده‌می راپه‌رین به ده‌سی هێنابوو لێی بسنرێته‌وه ، زیاتر ده‌بوو.
داروده‌سته‌ی سه‌ر به ده‌وڵه‌ت وه‌ک جه‌ماعه‌تی مه‌کتبی قورئان به هۆی ئه‌وه‌ی به دروشمی "شێعه و سونی فه‌رقی نییه رێبه‌ر فه‌قه‌د خومه‌ینی‌یه" نه‌ک هه‌ر نه‌یان توانی خه‌ڵک به ده‌ور خۆیاندا کۆکه‌نه‌وه، به‌ڵکوو بووبوون به جێگه‌ی نه‌فره‌تی گه‌ل و له هه‌موو شاره‌کانی کورد‌ستان سیاسه‌ته‌کانیان تووشی شکست هاتبوو. بۆیه ئه‌وان زیاتر له ده‌وڵه‌تی بازرگان کاریان بۆ ئه‌وه ده‌کرد که کورد له رۆژهه‌ڵات به هیچ مافێک نه‌گا‌ت و له هه‌ر چه‌شنه ده‌سکه‌وتێکی نه‌ته‌وه‌یی و ئینسانی بێبه‌ش بکریت. ئه‌م جه‌ماعه‌ته له گه‌ل کۆمه‌ڵێ له سه‌رۆک عه‌شیره و ئاغاکان هه‌موو تواناکانیان بۆ ئاژاوه نانه‌وه ته‌رخان کرده بوو و هه‌وڵه‌کانیان بۆ ئه‌وه بوو که هێزه‌کانی رژیم بگه‌ڕێنه‌وه نێو شاره‌کان. سازکردنی شه‌ڕی پاوه له کۆتایه‌کانی مانگی گه‌لاوێژی 58 ی هه‌تاوی هه‌ر بۆ ئه‌م ئامانجه بوو، که مخابن تێی‌دا سه‌رکه‌وتوو بوون.
خه‌ڵکی تێکۆشه‌ری پاوه و ده‌ورووبه‌ری، زۆر هه‌وڵیاندا که پێش به‌م شه‌ڕ داسه‌پاوه بگر‌ن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته چه‌ندین ناره‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری وه‌ک مانگرتنی چه‌ند رۆژه له لایه‌ن خه‌ڵکی ناوچه‌که‌وه رێکخرا. به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌موو هه‌وڵه‌کان بێ ئاکام مایه‌وه و داروده‌سته‌ی موفتی‌زاده له گه‌ڵ پاسداران توانییان ئه‌و شه‌ڕه نه‌خوازراوه به سه‌ر خه‌ڵکی پاوه و کورد‌ستان داسه‌پێنن. مسته‌فا چه‌مران وه‌زیری دیفاعی ئه‌و کاته‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران له نزیکه‌وه فه‌رمانده‌یی شه‌ڕه‌که‌ی ده‌کرد و له گه‌رماوگه‌رمی شه‌ڕی پاوه دا بوو که رژیم هه‌وڵی به‌ر فه‌راوان کردنی شه‌ره‌که‌ی ده‌دا و بۆ پاساو کردنی هێرشی هه‌مه لایه‌نه، هه‌واڵی ناڕاست و دروست کراویان بۆ ساز ده‌کرد.
رۆژی 28 ی گه‌لاوێژی 58 ی هه‌تاوی خومه‌ینی فه‌رمانی جیهادی بۆ سه‌ر خه‌ڵکی شۆرشگیر و ئاشتیخوازی کورد‌ستان ده‌رکرد و هه‌ر چه‌ند له مێژبوو چاوه‌ڕوانی ئه‌م هه‌وره ڕه‌شه ده‌کرا که باڵ به سه‌ر کوردستاندا بکێشێ، به‌ڵام زۆربه‌ی لایه‌نه سیاسیه‌کان و جه‌ماوه‌ر له به‌رفه‌راوانی و سه‌رێعی هێرشه‌که، تووشی غافڵگیری هاتن و ئاماده‌کاریه‌کان بۆ په‌رچدانه‌وه زۆر که‌م بوو.
وه‌ک هه‌ر رۆژێکی ئاسایی ئیدارات و دوکانی شار کراوه بوو و خه‌ڵک خه‌ریکی کاری رۆژانه‌ی خۆیان بوون. لێکدانه‌وه‌ی چالاکانی سیاسی شار به زۆری وابوو که، یه‌که‌م شه‌ڕ له پاوه‌یه و له مه‌ریوان زۆر دووره و؛ دووه‌م خۆ له سه‌رده‌می "کۆچ"ه‌که‌ی مه‌ریواندا، رێککه‌وتن له نێوان نوێنه‌رانی جه‌ماوه‌ری شار و به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ت مۆر کرابوو بۆ ئاشتی و ده‌وڵه‌ت ده‌بێ پابه‌ند بێ به‌م رێککه‌وتنه. به پێی ئه‌م "رێککه‌وتنه" که ئیمزا کرابوو نه‌ده‌بوو هیچ که‌س به چه‌که‌وه به نێو شاردا بگه‌ڕێ.
به‌ڵام نزیک کاتژمێر 10ی پێش نیوه‌رۆ بوو ده‌نگوباسی هێرشی سه‌رانسه‌ری حکوومه‌ت بۆ سه‌ر گه‌لی کورد بڵاو بووه‌وه. خه‌ڵک ده‌م به ده‌م خه‌به‌ره‌که‌یان ده‌گێڕا، به‌ڵام هێشتا زۆربه‌ی خه‌ڵک نه‌یانده‌زانی چیبووه، زۆری پێ نه‌چوو به چاو ساغی جه‌ماعه‌تی موفتی‌زاده و هێزه‌کانی رژیم رژانه نێو شار و به هه‌لیکۆپته‌ر(یش) پاسدارانیان له به‌رزایه‌کانی شار داده‌به‌زاند. دواتر زانڕا که هه‌ر شه‌و به تاریکی داروده‌سه‌ته‌ی جاش و پاسدار جاده‌کانی هاتنه‌ناوه‌وه‌ی شاریان گرت بوو و ده‌ستیان دابوویه گرتنی شۆڕشگێڕان که به هۆی رێککه‌وته‌نه‌که‌وه بێ چه‌ک ده‌گه‌ڕان. له ماوه‌ی که‌متر له سێ رۆژ، زۆرێک له تێکۆشه‌رانی پاوه، سنه، سه‌قز، مه‌هاباد و هتد ده‌سگیر کران.
رژیمی مه‌لاکانی تازه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووی ئێران بۆ تۆقاندن و چاوترساندنی گه‌لی کورد، مه‌لایه‌کی جه‌نایه‌تکاری به ناوی "سادق خه‌ڵخاڵی" به ڕاسپاردی ڕاسته‌وخۆی خومه‌ینی ڕه‌وانه‌ی کورد‌ستان کرد، به مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی سامناکترین تاوان به‌رامبه‌ر به مرۆڤایه‌تی و شۆڕشگێڕانێک که هه‌موو ته‌مه‌نیان بۆ چه‌وساوه‌کان و رزگاری گه‌لی کورد ته‌رخان کرد‌بوو. رۆژه‌کانی سه‌ره‌تای مانگی خه‌رمانانی 58 ی هه‌تاوی ماته‌مینی بۆ ئه‌و هه‌موو خۆشه‌ویستانه‌ی جه‌ماوه‌ر که له دادگا سه‌حرایه‌کانی خه‌ڵخاڵی مه‌حکوم به ئێعدام کرابوون و وێنه‌ی تیرباران کردنیان ئیستایش ویژدانی هه‌ر مرۆڤێکی ئازادیخوازی ئه‌م جیهانه ده‌هه‌ژێنێ( به‌داخه‌وه لایه‌نی کوردی واهه‌یه بێ له به‌رچاو گرتنی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌م شه‌هیده سه‌ربه‌رزانه، خومه‌ینی به رێبه‌ری خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێناسه ده‌کات)، سه‌راسه‌ری کورد‌ستان و ناوچه‌که‌ی داگرتبوو. له‌م کاره‌ساته دڵته‌زێنه‌دا، کۆمه‌ڵه یه‌ک له‌و لایه‌نه سیاسیه بوو که زیانێکی گه‌وره‌ی لێ که‌وت و زۆرێک له ئێعدام کراوه‌کان له باشترین کادر، ئه‌ندام و یان لایه‌نگرانی ئه‌م رێکخراوه ساوایه بوون.
****
کاک فواد که به دوای فه‌رمانی جیهادی خومه‌ینی دژی خه‌ڵکی کورد‌ستان، نامیله‌که‌ی" گه‌لی کورد له بواری تاقیکردنه‌وه‌دا" ده‌نووسێ و ده‌بێ به سیاسه‌تی ره‌سمی کۆمه‌ڵه، له‌وێدا باس له هه‌لومه‌رجی سیاسی نوێ ئێران و کورد‌ستان ده‌کا و مقاومه‌ت (جنبش مقاومت خلق کرد) به باشترین ئالته‌رناتیڤ ده‌زانی بۆ به‌رابه‌رکێ کردن له گه‌ڵ هێرشی به‌ربڵاوی هێزه‌کانی رژیم بۆ سه‌ر کورد‌ستان.
رۆژی 7 ی خه‌رمانانی 58 ی هه‌تاوی له کاتێکدا چه‌ندین هاورێی زۆر خۆشه‌ویستی و دوو برای شۆڕشگێری که چوار رۆژ پێشتر له پاد‌گانی مه‌ریوان له لایه‌ن خه‌ڵخاڵییه‌وه ئێعدام کرابوون، کاک فواد بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که توانیبوویان له شار بچنه ده‌رێ و له نزیک ئاوای قامیشڵه‌ی سه‌رشیوی مه‌ریوان کۆببنه‌وه قسه ده‌کات. له‌و کاته‌دا که دڵی پڕ حه‌سره‌تی بۆ له‌ده‌ستدانی ئه‌و ئازیزانه گه‌ڵوی داگرته‌بوو باسه‌که‌ی بۆ به‌شداران ده‌سپێده‌کات و ده‌ڵێ: ده‌وڵه‌ت به هێرشه‌کانی بۆ سه‌ر کورد‌ستان و جه‌نایه‌ته‌کانی نیشانی‌دا که له هیچ تاوانێک دژی مرۆڤه‌کان و ئازادیخوازان سڵ ناکاته‌وه. رژیم هیچ رێگایه‌کی بۆ میلله‌تی کورد و زه‌حمه‌تکێشان نه‌هێشتوه‌ته‌وه بێجگه له به‌ره‌نگاری و راوه‌ستان و په‌رچدانه‌وه‌ی سیاسه‌ته دژه گه‌لیه‌کانی. کاک فوادی رێبه‌ر، شه‌وه‌که‌ی له مزگه‌وت بۆ خه‌ڵکی ئاوای قامیشڵێ له سه‌ر ئه‌و قۆناغه نوێیه‌ی شۆڕش قسه‌وباس ده‌کات.
کاک فواد رۆژی 9 ی خه‌رمانانی 58 ی هه‌تاوی له گه‌ڵ چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ک که به‌ره‌و بانه ده‌رۆیشتن له نزیک ئاوای کانێعمه‌ت له لایه‌ن ستوونێک له هێزه‌کانی رژیم به فه‌رمانده‌یی چه‌مران گه‌مارۆ ده‌دریه‌ن و به دوای مقاومه‌تێکی بێوێنه به‌داخه‌وه کاک فواد دامه‌زرێنه‌ری کۆمه‌ڵه و خولقێنه‌ری بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌کان له گه‌ڵ ته‌هموره‌س ئه‌کبه‌ری پێشمه‌رگه‌ی رێکخراوه‌ی چریکه فیدایه‌کانی ئێران شه‌هید ده‌بن. شه‌هید بوونی کاک فواد زه‌ربه‌یه‌کی جه‌رگبڕ بوو له بزووتنه‌وه‌ی گه‌لی کورد، هه‌ژاران به گشتی و له کۆمه‌ڵه به تایبه‌تی و دوای سی ساڵ ئیستا زیاتر له هه‌موو کاتێک هه‌ست به نه‌بوونی ئه‌و رێبه‌ره کاریزمایه ده‌که‌ن.
کاک فواد ته‌نیا رێبه‌ری کۆمه‌ڵه نه‌بوو، به‌ڵکوو هه‌موو لایه‌ک و بگره ئه‌ندامانی رێکخراوه‌کانی‌تر به رێبه‌ری خۆیان ده‌زانی؛ بێ ئه‌وه‌ی خۆی به قه‌د سه‌ره ده‌رزییه‌ک هه‌و‌ڵ بۆ ئه‌وه بدات که ببێ به رێبه‌ر، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و که‌سانه که دواتر بینیمان.
به دوای شه‌هید بوونی ئه‌م رێبه‌ره مه‌زنه، کۆمه‌ڵه له به‌یانیه‌یه‌کدا، کاک فواد(یان) وه‌ک یه‌کێک له دامه‌زڕێنه‌رانی رێکخراوه‌که‌یان و که‌سی یه‌که‌می حیزبه‌که‌یان بۆ خه‌ڵکی کورد‌ستان ئاشکرا کرد. سیاسه‌تی دروستی به‌ره‌نگاری کۆمه‌ڵه به‌رامبه‌ر به هێرشه‌کانی رژیم و خۆشه‌ویستی جه‌ماوه‌ر بۆ که‌سایه‌تی فوادی رێبه‌ر، حسێن پیرخزری، یه‌حیا خاتوونی و هتد بووه هۆی ئه‌وه‌ی که زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی رێکخراوه جه‌ماوه‌ریه‌کانی شاره‌کانی کورد‌ستان، تێکڵاو به ریزه‌کانی کۆمه‌ڵه بن. حیزبێک که هه‌تا چه‌ند مانگ پێش، به‌س به به‌یانیه‌کانیه‌وه ده‌ناسرا و گه‌ل نه‌یانده‌زانی که کێن ئه‌و که‌سانه‌ی که ئه‌م رێکخراوه‌یه به‌رێوه ده‌به‌ن. ئیستا زۆرترین شۆڕشگێرانی خۆشناو و خۆشه‌ویستی ئه‌م وڵاته له نێو ریزه‌کانی ئه‌م حیزبه‌دا ده‌بینرێن. لێره‌وه کۆمه‌ڵه ئیتر رێکخراوه‌یه‌کی بچووکی کۆمه‌ڵێکی هاوبیر نییه به‌ڵکوو ده‌بێ به "ره‌وتێکی به‌رین له تێکۆشه‌رانی رۆژهه‌ڵاتی کورد‌ستان". ئه‌رکه‌کانی رێبه‌رانی ئه‌م رێکخراوه‌یه هه‌ر ده‌هاتوو قوورستر و به‌رینتر ده‌بوو و خۆ ئاماده کردن بۆ به‌ره‌نگاری چه‌کداری دژی هێزه داگیرکه‌ره‌کانی کۆماری ئیسلامی، بۆ رێبه‌ڕایه‌تی بۆ به‌رپرسانی لاوی ئه‌م رێکخراوه‌یه چه‌ند قات کرد‌بوو.
هه‌ر چه‌نده فواد عه‌ره‌ب( له شه‌ڕی 24 رۆژه‌ی سنه به‌شدار بوو و به‌داخه‌وه ئه‌م ئینسانه گه‌وره و مرۆڤ دۆسته له سه‌نگه‌ری به‌ره‌نگاری هه‌ر له‌و شه‌ڕه‌دا له "گه‌ڕه‌کی گردی گه‌ڕۆڵ"ی شاری سنه شه‌هید ده‌بێ) شۆڕشگیڕی خه‌ڵکی ئه‌هواز ماوه‌یه‌ک بوو له ناوچه‌ی سه‌رده‌شت فێرگه‌یه‌کی دامه‌زرانده بوو بۆ به‌شێک له ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تای شه‌ڕی پارتیزانی فێر بن. دیاره زۆربه‌ی پێشمه‌رگه‌کانی هه‌موو لایه‌نه سیاسیه‌کان ئه‌و سه‌رده‌مه له شه‌ڕی چریکی بێ ئه‌زموون بوون، هه‌ر بۆیه یارمه‌تی پێشمه‌رگه به ئه‌زموونه‌کانی یه‌کێتی نیشتمانی کورد‌ستان گرینترین پشتیوان بوون له‌و سه‌رده‌مه‌دا بۆ هێزه‌کانی رۆژهه‌ڵات.
له ماوه‌ی شه‌ڕی سێ مانگه‌دا له بڕێک له ناوچه‌کان، پێشمه‌رگه‌کانی کۆمه‌ڵه، حیزبی دیموکرات، چریکه فیدایه‌کان، یه‌کێتی نیشتمانی و هتد تێکڵاو بوون و پێکه‌وه دژی هێزه داگیرکه‌ره‌کانی کۆماری ئیسلامی چالاکی سه‌ربازییان ئه‌نجام ده‌دا. له کاتێکدا که پێشمه‌رگه‌کانی باشووری کورد‌ستان بۆ پاراستنی ده‌سکه‌وته‌کانی گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵات، هه‌موو فیداکارییه‌کیان له خۆیان نیشان ده‌دا، به‌ڵام لای رێکخراوه ئێرانیه‌کان سنووری ئێران به‌شێک بوو له بڕوا و ئایدیۆلۆژییان.
مانگی خه‌رمانان ساڵی 58 ی هه‌تاوی، کۆمه‌ڵێ پێشمه‌رگه( له هه‌موو لایه‌نه‌کان) ده‌یانهه‌وێ له رێگه‌ی دۆڵی شلێره‌وه بڕۆن بۆ ناوچه‌ی بانه، له نزیک ئاوایی نه‌رمه‌ڵاس ده‌نگی ته‌قه ده‌بیسن. یه‌ک له رێبه‌رانی چریکه فیدایه‌کان ده‌ڵی: با بگه‌رێینه‌وه و ئه‌گه‌ر کوژراین له وڵاتی خۆمان بکوژرێین!؟ به شه‌رتێ یه‌که‌م که‌س که له کاتی دیفاع له شاری مه‌ریوان شه‌هید بوو ، پێشمه‌رکه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کورد‌ستان (باشووری کورد‌ستان) بوو.
هه‌ر چه‌ند رژیم به ئێعدام کردنی ده‌یان شۆرشگێری ماندونه‌ناسی کورد‌ستان ده‌یویست خه‌ڵکی کورد‌ستان بتۆقێنێ و بێده‌نگی به سه‌ریاندا داسه‌پێنێ، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانیه‌کانی کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت زۆری پێنه‌چوو ناره‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری له زۆربه‌ی شاره‌کانی کورد‌ستان دیسانه‌وه سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه و لاوانی خوێن گه‌رمی شۆرش بزوێنه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه جه‌ماوه‌ریه‌کان بوون. له زۆربه‌ی شانه نه‌هێنیه‌کانی لاوان که به دوای هێرشی رژیم له شاره‌کاندا پێک هاته‌بوو و رێکخه‌ری زۆرێک له خۆپیشاندانه‌کان بوون.. تێکڵاوێک بوو له لایه‌نگرانی خه‌باتکاری حیزبه سیاسیه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه. چونکوو خه‌بات دژی حکومه‌ت هزری زۆرینه‌ی ئه‌م گروپانه‌ی دروست ده‌کرد و سنووری حیزبی نه‌یده‌توانی پێش به پێکه‌وه کار کردنیان بگرێت. که ئه‌مه چاکترین هۆکار بوو بۆ یه‌ک ریزی جه‌ماوه‌ری کورد‌ستان دژی هێزه داگیرکه‌ره‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران له ماوه‌ی شه‌ڕی سێ مانگه‌دا.
چالاکی و هێرشی هێز‌ی پێشمه‌رگه بۆ سه‌ر مۆڵگه‌کان و کاروانه نیزامیه‌کانی سوپای پاسداران و ژاندارمیری له زۆربه‌ی ناوچه‌کانی کورد‌ستان له په‌ره‌سه‌ندا بوو و، هێز‌ی داگیرکه‌ر ته‌نگیان پێ هه‌ڵچنڕا بوو و رۆژانه زیانی زۆریان پێ ده‌گه‌یشت. هاوکات خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری دژی رژیم هه‌موو شار و شارۆچکه‌کانی کوردستانی گرتبوه‌وه که ده‌سه‌ڵاتدارانی تارانی تووشێ سه‌رسامی کرد بوو. ئه‌و خومه‌ینی(یه‌ی) که له 28 ی گه‌لاوێژدا فه‌رمانی قڕ کردنی کوردی دابوو، ناچار بوو یه‌که‌م ژه‌هر بخواته‌وه و ده‌وڵه‌ته‌که‌ی راسپێرێ که جارێکتر له گه‌ڵ نوێنه‌رانی گه‌لی کورددا له رۆژهه‌ڵات بکه‌وێته‌وه گفتووکۆ کردن. رۆژی 26 ی گه‌ڵارێزان 58 ی هه‌تاوی شه‌ڕ را‌گرتن له لایه‌ن هه‌یئه‌تی نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی کورد و ده‌وڵه‌ت ئیمزا کرا. شاره‌کان دیسانه‌وه که‌وتنه‌وه ژێر کۆنترۆڵی جه‌ماوه‌ر و هێز‌ی پێشمه‌رگه و به‌کرێگیراوان و هاوکارانی رژیم له کورد‌ستان هه‌ڵهاتن بۆ شاری هه‌مه‌دان و وه‌ک خۆیان ناویان نا"هیجره‌ت"ین فه‌رموو. بۆ یه‌که‌م جار له مێژووی کوردی رۆژهه‌ڵاتدا "هه‌یئه‌تێکی نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی کورد" پێک هات که بریتی بوون له " ده‌فته‌ری مامۆستا شێخ عه‌زه‌دین، حیزبی دیموکرات، کۆمه‌ڵه و باڵی کوردستانی چریکه فیدایه‌کانی ئێران"
کۆمه‌ڵه ئه‌م جاره به پێچه‌وانه‌ی ده‌ورانی پێش‌و له هه‌موو شاره‌کان و گه‌وره دێکانی کورد‌ستان باره‌گای خۆی دامه‌زرانده بوو و له زۆرێک له شاره‌کان وه‌ک سنه‌ی مه‌زن، گه‌وره‌ترین هێز‌ی سیاسی و سه‌ربازی بوو. هێز‌ی پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه به ته‌نیا یان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی‌تر رۆڵێکی به‌ر چاوی هه‌بوو له دابین کردنی ئاسایش بۆ دانیشتوانی کورد‌ستان. رێبه‌رانی ئه‌م رێکخراوه‌یه له گه‌ڵ مامۆستا شێخ عێزه‌دین رۆڵی زۆریان هه‌بوو له دارشتنیی داخوازیه‌کانی میلله‌تی کورد که له "گه‌ڵاله‌ی 26 " مادده‌یدا گه‌ڵاڵه کرابوو. زۆر لایه‌ن له پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری، هێز و گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵه سه‌رسام مابوون. به‌ڵام بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که له نزیکه‌وه کادره‌کان، ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی ئه‌م رێکخراوه‌یان ده‌ناسی، به‌لایانه‌وه زۆر ئاسایی بوو. چونکوو هه‌ر کامێکیان به هۆی تێکۆشانیانه‌وه پێگه‌یه‌کی به هێزیان له نێو جه‌ماوه‌ردا هه‌بوو و ئێعتباری ئه‌وان بوو له راستیدا که بووه هۆی هێز و متمانه‌ی گه‌ل به‌م حیزبه.
کۆمه‌ڵه‌ی لاو و که‌م ئه‌زموون که بوو بووه حیزبێکی گه‌وره‌ی گۆڕه‌پانی سیاسی کورد‌ستان، ئیداره کردنی بۆ رێبه‌رانی گه‌نجی ئه‌م رێکخراوه‌یه گه‌لێک زه‌حمه‌ت بوو. کۆمه‌ڵێ دیارده له نێو ئه‌م رێکخراوه‌یه‌دا سه‌ریان هه‌ڵدابوو که پێویستی به کۆنترۆڵ کردن هه‌بوو. وه‌ک رۆحی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه، توندوتیژی دژی که‌سانێ که گومانی هاوکاری کردنی ده‌وڵه‌تیان لێ ده‌کرا و... پێویستی به رێبه‌ری دڵسۆز و به توانا که مه‌قبووڵیه‌تێکی گشتی هه‌بێ بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان، زۆر گرینگ بوو بۆ به‌رده‌وامی گه‌شه کردن ئه‌م رێکخراوه‌یه. ئه‌و کاته‌ش بۆ خه‌ڵکی کورد‌ستان ئاشکرا نه‌بوو که ئه‌ندامانی ناوه‌ندی ئه‌م حیزبه کێن و چه‌ند که‌سن. ده‌وترێ که دوای شه‌هید بوونی کاک فواد، به‌رێز کاک ساعد وه‌ته‌ندوست به‌زۆری وه‌ک که‌سی یه‌که‌م چاوی لێ ده‌کرا، به‌ڵام هیچ کات و هه‌تا ئیستایش به ره‌سمی و به نووسراوه راستی ئه‌م بۆچوونه روون نه‌بووه‌ته‌وه. هه‌ر چه‌نده مامۆستا شێخ عه‌زه‌دین هه‌میشه به ئیستایشیه‌وه خۆشه‌ویستی زۆرینه‌ی دانیشتوانی کورد‌ستان به گشتی و کۆمه‌ڵه بووه و هه‌یه، به‌ڵام پشتیوانی زیاده له حه‌دی رێبه‌رانی کۆمه‌ڵه له مامۆستا له ساڵه‌کانی 58 و 59 ی هه‌تاوی هه‌مووی له خۆشه‌ویستییه‌وه سه‌ر چاوه‌ی نه‌ده‌گرت، به‌ڵکوو ده‌توانڕێ بوترێت که به زۆری نیشانه‌ی بڕوا نه‌بوونی رێبه‌ری ئه‌م حیزبه به تواناکانی خۆیان بوو. کادره‌کان، پێشمه‌رگه و لایه‌نگرانی کۆمه‌ڵه، بێ ئاگا له توانایه‌کانی رێبه‌ری، سه‌رمه‌ستی سه‌رکه‌وتنه‌کانی خۆی بوون.
درێژه‌ی هه‌یه